سەپاندنی سزای ۱۴ ساڵ بەندکران بەسەر سامان قادری لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار
هەنگاو؛ هەینی ۱۳ی خەرمانانی ۲۷۲۶
سامان قادری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئورمیە و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ۱۴ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سامان قادری، هاووڵاتیی تەمەن ۳۷ ساڵی خەڵکی ئورمیە و بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەی تاران، لەلایەن لقی ۲۶ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" سزای ۱۴ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو بە تۆمەتی "کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی" سزای ۱۱ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان" سزای ۳ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ۱۴ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ۳ی خەرمانانی ۲۷۲۶ بەم بەندکراوە ڕاگەیەندراوە. سامان قادری پاش ڕاگەیاندنی سزاکە، ناڕەزایەتیی بە بڕیاری دەرچوو دەربڕیوە و داوای پێداچوونەوەی کردووە.
ئەم هاووڵاتییە ڕەشەمەی ۲۷۲۵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە لە تاران دەستبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی سەرەتایی لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی (تاران)ی گەورە گواستراوەتەوە و تا ئێستا لەم بەندیخانەیەدا بەندکراوە.