قوروە؛ ئەمیر خالدیان، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بەفرانبار سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپا

٢٢ خەرمانان ٢٧٢٦، ٢١:٢٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٦

ئەمیر خالدیان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی قوروە و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە گشتی بە ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ میناب مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمیر خالدیان، تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵک و دانیشتووی شاری قوروە لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی قوروەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەدحسێن بیگدەلوو سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر هادی خانی سزای ١ ساڵ بەندکران و هەروەها ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری میناب لە پارێزگای هورمزگانی بە سەردا سەپاوە.

ئەمیر خالدیان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەرکرا و لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە سەختی کەوتبووە بەر لێدان و کوتان.

شایانی باسە کە، ئەمیر خالدیان پێشتریش لە کاتی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە