قەسری شیرین؛ ئەبولفەزل ڕوستەمی و عیرفان مورادی دەنگی هەر کامەیان سزای ٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٦
ئەبولفەزل ڕوستەمی و عیرفان مورادی دەنگی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە هەر کامەیان سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا. ئەم دوو هاووڵاتییە جۆزەردانی ئەمساڵ و لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەبولفەزل ڕوستەمی و عیرفان مورادی دەنگی، هەردووکیان خەڵکی شاری قەسری شیرین لەم دواییانە هەر کامەیان بەتۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە و ئەو سزایە بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.
دانیشتنی دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە گەلاوێژی ئەمساڵ لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی قەسری شیرین بەڕێوە چووبوو.
ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٦) لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥دا لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە قەسری شیرین دەستبەسەر کران. ئەم دوو کەسە دوای چەند هەفتە دەستبەسەری، لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی دژواری جەستەیی و دەرونی بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوون.