ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردنی ٢٦ هاووڵاتیی دیکەی کورد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

١٦ بەفرانبار ٢٧٢٥، ٠٠:١٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٥

لانی کەم ٢٦ هاووڵاتیی کورد لەوانە ژنێک و چوار منداڵ لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی دیواندەرە، سەحنە، دێهلۆران، ئیلام، مەهاباد، کامێران، کەرەج، ئاودانان، مەلەکشاهی، سنە، دەڕەشار، سەراوڵە و کرماشان دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٥ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، حوسێن کاکی خەڵکی ئاودانان، ئەیووب کەرەمی خەڵکی مەلەکشاهیی ئیلام، ڕووحوڵڵا کەرەمی خەڵکی دێهلۆران، بیژەن مەقسوودی خەڵکی دەرەشار و نووشاد عەرەبیی تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی سەراوڵەی ئیلام لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٤ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، چوار منداڵی کورد بە ناوەکانی موعین مەلەکی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی دێهلۆران، ڕامان ئیقباڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سنە، ئەمیرحوسێن سەیدی بووژانی منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گەڕەکی جەعفەرئاوای کرماشان و ڕزگار ئەمانی، تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی کامیاران دەستبەسەر کراون. جێی ئاماژەیە کە ڕزگار ئەمانی بە تۆمەتی دروشمنووسین دەستبەسەر کراوە و بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواستراوەتەوە.

لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکانی هەمان ڕۆژدا، مییلاد و میساق سەیدمرادی دوو برای تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی دێهلۆران، دکتۆر عەلی ئەکبەر ئومیدی، چالاکی مەدەنی و ناسر شێخی هەردووک خەڵکی مەلەکشاهی و موبین ئەولاد، خەڵکی دەرەشار دەستبەسەر کران.

لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام بە ناوەکانی موحەدیسە ڕەزازادە تەمەن ١٨ ساڵ، محەممەدمەهدی ئیدیان تەمەن ١٩ ساڵ و ئەمیر لوتفی تەمەن ١٩ ساڵ لەو شارەدا دەستبەسەر کران.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ مەیسەم نووریی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی ئیلام، یەکێک لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکان لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام لە کاتێکدا ددان و مەچەکی شکابوو دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هاوکات ڕەزا پەهلەوانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دیواندەرە، مییلاد مەردانی، تەمەن ٢١ ساڵ و ئەمیرحوسێن مەزهەری تەمەن ٢٣ ساڵ هەردووک خەڵکی سەحنەی کرماشان و نەبی ئومیدی، مامۆستای ئابووریی زانکۆی ئیلام لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

ئیمان چەشتە، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و خوێندکاری کارناسیی یاسای زانکۆی مهابادیش لە هەمان ڕۆژدا لە سێڕای دارەلەکی مەهاباد دەستبەسەر کرا.

لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکاندا، ئێوارەی هەینی ١٢ی بەفرانبار ئارمین ڕەحیمی، تەمەن ٢٠ ساڵ و سینا مرادی تەمەن ٢٣ ساڵ، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ئەحمەدئاوای تیکاب لە کەرەج دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

هەروەها، چوارشەممە ٩ی بەفرانبار ئیحسان مەلەکیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی دێهلۆران دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواستراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە