کەماڵ لوتفی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٢:٥٨

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

کەماڵ لوتفی، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکان و باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کە لەم دوایییانەدا بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کەماڵ لوتفی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان لەلایەن دادگای شۆڕشی دێولان بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژ بە نیزام" سزای ١ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە خامنەیی" سزای ٢ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی (خومەینی) " سزای ٢ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە جێبەجێکردنی ماددەی ٥١٠ لە یاسای دادگاییکردنی تاوانەکان (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان)، قورسترین سزا بۆ کەماڵ لوتفی تەمەن ٤٦ ساڵ کە لەم دوایییانەدا دەستبەسەر کراوە، واتا ٢ ساڵ بەندکرانی جێبەجێ دەکرێت.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کەماڵ لوتفی باوکی دادخواز و تەمەن ٤٦ ساڵی خەڵکی دێولان، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ دادگای شۆڕشی شاری قوروە دەستبەسەرکرا. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەو باوکە دادخوازە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

ڕەزا لوتفی، لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی دێولان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.

هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی پێشوویدا، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کەماڵ لوتفی بەردەوام دوای کوژرانی کوڕەکەی لە ژێر گوشاری ناوەندە حکومەتییەکاندا بووە. ئەو ئەندامە لە بنەماڵە داخوازەکان، لە وەڵامی بانگەشەی ناوەندە حکومەتییەکاندا لەبارەی ئەوەیکە کوڕەکەی بە دەستی "دژبەرانی شۆڕش"ەوە کوژراوە، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی و لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئەو بانگەشەیە ڕایگەیاند کە کوڕەکەی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە.

شایەنی ئاماژە پێدانە کە، پێشتریش کەماڵ لوتفی لە ڕێکەوتی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دێولان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی کامێران گواسترایەوە.

ئەو باوکە دادخوازە دوای تێپەڕکردنی ٧٨ ڕۆژ دەستبەسەرکران، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی کامێران ئازاد کرا.

کەماڵ لوتفی لە بەندیخانەی کامێران تووشی نەخۆشیی پێست بووە و بەهۆی ڕێگری لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان چەند جارێک مانی لە خواردن گرتبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە