گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەی ئارمیتا گەڕاوەند؛ ساڵێک دوای کوژرانی حکومەتیی ناوبراو
هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
بەپێی زانیاریی سەرچاوەی بڕواپێکراوی هەنگاو، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ئارمیتا گەڕاوەند، گوشارەکانیان لەسەر بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە زیاتر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی ئارمیتایان لەژێر گوشار داناوە و بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە نووسراوەیەکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە پەیوەندیدارەکان بە ئارمیتاوە لێ قەدەغە کردوون. تەنانەت ئیزنی بڵاوکردنەوەی ستۆری لە گوڵێک کە بۆ سەر گڵکۆی ناوبراو ئامادە کرابوو بە بنەماڵەکەی نەدرابوو و ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگرییان لەوەش کردووە.
یەکێک لە کەسانی نزیک بەو بنەماڵەیە لە وتووێژێک لەگەڵ هەنگاودا ڕایگەیاند کە: "لە چەند ڕۆژ پێشترەوە ماڵی بنەماڵەیی ئارمیتا لە تاران لەژێر چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکاندا بووە و هەر چەشنە هاتووچۆیەک بۆ ماڵیان کونتڕۆڵ کراوە. ئەو ناوەندانە بە بنەماڵەی ئارمیتایان ڕاگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئارمیتا نابێت لە ماڵ یان لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوە بچێت."
ئەو سەرچاوە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، هەروەها ڕایگەیاندووە کە: "لە بەیانیی ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەرەوە هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری گڵکۆی ئارمیتا جێگیر بوون تا لە هەر کۆبوونەوەیەک لە ساڵیادی کوژرانی ناوبراو ڕێگری بکەن."
ئارمیتا گەڕاوەند لەدایکبووی ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ساڵی ٢٧٠٦ لە کرماشان، لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ لە ئەنجامی لێدانی لە لایەن هێزە حکومەتییەکان بەهۆی ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لە مێترۆی تاران لە هۆش چوو. ناوبراو لە نەخۆشخانەی فەجر، سەر بە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەرتەش، خەوێندرا و چووە کۆماوە. لە ئاکامدا دوای ٢٨ ڕۆژ، ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ گیانی لەدەستدا.