تیکاب؛ دوو هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار و چوونەتە کۆماوە

٢٩ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٣:٥٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب بەناوەکانی پەرویز ئەمین محەممەدی و بەهمەن موحسینی بە تەقەی بێ ڕێسای هێزە ئینتزامییەکان سەریان بەسەختی بریندار کراوە و هەردووکیان چوونەتە کۆماوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، گەشتی شەوانەی هێزە ئینتزامییەکان لە نزیکی گۆڕەپانی قەڵەمی تیکاب تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک (جۆری پراید) کردووە و لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا دوو هاووڵاتیی کورد بەسەختی بریندار کراون و لە کۆمادان.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری تیکاب، پەرویز ئەمین محەممەدی تەمەن ٢٩ ساڵ سەری بریندار کراوە و گوللەکە لە سەریدا ماوەتەوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی تیکاب لە کۆمادایە.

هەروەها بەهمەن موحسینی تەمەن ٣٥ ساڵ دوای ئەوەی سەری بە گوللە پێکراوە و گوللەکە لە زاری دەرچووە، ئێستا لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئورمیە لە کۆمادایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە