سەمانە ئەسغەری بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە

١٥ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٥:٢٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سەمانە ئەسغەری، هاووڵاتیی دانیشتووی تاران و چالاکی بواری مافەکانی ژنان و منداڵان، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، سەمانە ئەسغەری، ئەندامی پێشووی لیژنەی بەڕێوبەرایەتیی ئەنجوومەنی پاڵپشتی لە مافی منداڵان دوای بانگکران بۆ خانەی دادی شاری ڕەی، دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

سەمانە ئەسغەری، مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی تاران سزای یەک ساڵ بەندکران، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەربوونی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەمانە ئەسغەری، ڕۆژی ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لە تاران، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات گواسترایەوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گواسترابووەوە و چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەر بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بەشێوەی کاتی تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

سەمانە ئەسغەری، دەرچووی بەشی ئەندازیاری پیشەسازی زانکۆی خارەزمی، ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ئاکامدا ٤ی گوڵانی ساڵی دواتر، دوای شەش مانگ و شازدە ڕۆژ بەندکران بە بەخشنامەی ناسراو بە "لێبوردن" لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە