تاران؛ دەستبەسەرکرانی هەمڕاز سادقی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٢٢ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٨:٤٠

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

هەمڕاز سادقی، هاووڵاتیی دانیشتووی تاران و لە ناڕازییانی دژ بە یاسای حیجابی زۆرەملێ بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، هەمراز سادقی، تەمەن ٤٠ ساڵ و دانیشتووی تاران بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" لە ڕێگای چالاکیکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر و بەڕێی بەندیخانەی ئێڤین کرا.

ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە، لە ژنانی دژ بە حیجابی زۆرەملێ و ناسراو بە کچانی شەقامی ئینقلاب، پێشتر لە مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک بە بڕیاری دابینکردنی سزا ئازاد کرابوو.

هەمڕاز سادقی دواتر لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە