میاندواو؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد بەهۆی بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی نەورۆز
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی میاندواو بە ناوەکانی ئومێد قادرنژاد و موحسین قادرەڕەش، دوای بانگکران لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون. ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی گوندی حاجی حەسەنی شامات سەر بە شاری میاندواو، بە ناوەکانی ئومێد قادرنژاد تەمەن ٢٨ ساڵ و موحسین قادرەڕەش تەمەن ٣٠ ساڵ دوای بانگکران بۆ سوپای ئەو شارە دەستبەسەر کران.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قادرنژاد و قادرەڕەش، ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراون و دوای دەستبەسەرکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو گواستراونەتەوە.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆکاری ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و سەدان هاووڵاتی دیکەش بانگکراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە.