ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ دەستبەسەرکرانی ئیحسان حەمزەزادە قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵ لە شاری بۆکان

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٢٢:٠٣


هەنگاو؛ سێشەممە ٢ی گوڵانی ٢٧٢٥

ئیحسان حەمزەزادە قوتابی تەمەن ١٧ ساڵەی کورد و خەڵکی شاری بۆکان بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆزی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢٥) ئیحسان حەمزەزادە قوتابی تەمەن ١٧ ساڵە و خەڵکی گوندی "قالوێ" شاری بۆکان و دانیشتووی میراوای ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حەمزەزادە لەم بارەیەوە گوتی: "ئیحسان قوتابی پۆلی ١١ی قوتابخانەی مێعراج لە شاری بۆکانە و بە هۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراوە."

ئەم سەرچاوەیە هەروەها گوتی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەتا بە فێڵ ئیحسانیان بۆ کتێبخانەی گشتی شاری بۆکان بانگکردووە و کە نزیکی کتێبخانە بووەتەوە چەند ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە لەبەر دەست نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە