سەوڵاوا؛ دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٣٠ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٢:٢٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

دوو برا بە ناوەکانی عومەر حوسێنی و عەلی حوسێنی لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ئومێد شەهداد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە گوندی دێوەزناو سەر بە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٨ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، عومەر حوسێنی تەمەن ٢٩ ساڵ، عەلی حوسێنی تەمەن ٢٥ ساڵ و ئومێد شەهداد تەمەن ٣٦ ساڵ، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دێوەزناو"ی سەر بە شاری سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان ئەو هاووڵاتییانەیان لە ماڵەکانی خۆیان و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە و هەروەها بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە