ئورمیە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ شەممە ۲۷ی خەرمانانی ۲۷۲۶
پێنج هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە بەناوەکانی واحید شەعبانی و ساڵح دەربووبەچیچەک، دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان، بێهدار شەعبانی، فەرهەنگ دێهقان و مەجید ئیبتهاج لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نزیکەی کاتژمێر دووی بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۲۷۲۶ (۱۷ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، واحید شەعبانی، بێهدار ئەسەدی و ساڵح دەربووبەچیچەک، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "گێسیان" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییانە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکانیان و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۲۷۲۶ (۱۶ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، فەرهەنگ دێهقان، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دزێ"ی مەرگەوەڕ لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.
هەمان ڕۆژ، مەجید ئیبتهاج، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی "زێوە" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.
شایەنی باسە کە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییانە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخیان تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.