کامێران؛ دەستبەسەرکرانی یاسر حوسێنی و موحسین ئەسەدی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۶ی خەرمانی ۲۷۲۶
یاسر حوسێنی و موحسین ئەسەدی، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۶ی خەرمانی ۲۷۲۶ (۱۷ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، موحسین ئەسەدی، هاووڵاتیی تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی کامێران لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.
هاوکات، ئەم هێزانە بە کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژی یاسر حوسێنی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۸ ساڵ، خەڵکی گوندی لۆن و دانیشتووی کامێرانیان دەستبەسەر کردووە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، چەندین کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە ئۆتۆمبێلی کەسییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر دۆکانی کەلوپەلی ناوماڵی ناوبراو لە گۆڕەپانی شافێعی ئەم شارە و بێ پێشکەشکردنی هیچ بڕیارێکی دادوەری، ناوبراەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی وردی یاسر حوسێنی و موحسین ئەسەدی زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.