ئاشکراکردنی ناسنامەی عەبدولباست باپیری، لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە شاری شنۆ
هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۲۷۲۶
ناسنامەی هاووڵاتییەکی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی ڕۆژی سێشەممە لە شاری شنۆ بەناوی عەبدولباست باپیری بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە کە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۲۴ی خەرمانانی ۲۷۲۶ (۱۵ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، عەبدولباست باپیری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی گوندی «کانی سپی» سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شاری شنۆ بەبێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری و لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنی عەبدولباست باپیری لەبەر دەستدا نییە.
هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی ۲۰ هاووڵاتیی لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنەکانی ۲۵ی خەرمانان، لە شاری شنۆ و لەو ڕۆژەدا ڕاگەیاندبوو و ناسنامەی پێنج کەسیانی بڵاو کردبۆوە.