مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٤٢

هەنگاو؛ شەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

موحسین ئەحمەدی ئەقدەم، ڕەسووڵ یووسفی ئازەر و حەسەن یووسفی ئازەر، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، موحسین ئەحمەدی ئەقدەم تەمەن ٣٤ ساڵ، ڕەسوول یووسفی ئازەر تەمەن ٢١ ساڵ و حەسەن یووسفی ئازەر تەمەن ٣٩ ساڵ، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "بەفرەوان"ی سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دەستبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، لە ماڵی بنەماڵەکانیاندا ڕووی داوە و دواتر، بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە گواستراونەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە