سنووری بانه؛ کوژرانی سێهەمین کۆڵبەر لە ماوەی ۱۰ ڕۆژی ڕابردوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۳ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
مەهدی شەریفی، کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سنووریی «سارداو»ی ئەو شارە کوژرا. ناوبراو سێهەمین کۆڵبەرە کە لە ماوەی ۱۰ ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری بانە کوژراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۱۳ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۵ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، مەهدی شەریفی، تەمەن ۴۰ ساڵ، باوکی یەک منداڵ و دانیشتووی گوندی «کانی سێو» سەر بە شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەو کۆڵبەرەیان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ هیچ هۆشدارییەکی پێشوەخت کردووەتە ئامانج.
تەرمی مەهدی شەریفی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی بانە گواستراوەتەوە و تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ۱۰ ڕۆژی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر بەناوەکانی قاسم عەزیزی تەمەن ۴۳ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، ڕێبوار محەممەدزادە تەمەن ۳۸ ساڵ و باوکی دوو منداڵ و مەهدی شەریفی تەمەن ۴۰ ساڵ و باوکی یەک منداڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.