سنە؛ دوو مامۆستای قوتابخانە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا

١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٧:٤٣

هەنگاو؛ شەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

مەجید کەریمی لە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان و مەسعوود فەرهیختە لە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی پیشەیی فەرهەنگیانی ئیسلامشار، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا مەجید کەریمی لە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی سنە و کەڵاتەرزان و مەسعوود فەرهیختە، لە مامۆستایان و ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی پیشەیی ئیسلامشاری کەرەج لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە سزای سێ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سزایە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ پێیان ڕاگەیێندراوە.

بەپشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزاکان، سزای سێ مانگ بەندکران بۆ ئەو دوو مامۆستایە بە سزای پێبژاردنی هەشت ملیۆن تمەن پارە گۆڕدراوە.

مەسعوود فەرهیختە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ و دوای کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایانی پارێزگای سنە بۆ ئازادیی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو لە کاتی گەڕانەوە بۆ پارێزگای ئەلبۆرز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

هەروەها مەجید کەریمی ئێوارەی ئەو ڕۆژە کە بەمەبەستی بەدواداچوون سەبارەت بە چارەنووسی مەسعوود فەرهیختە ڕۆیشتووەتە پێش بینای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لە دەنگی دادگای ئەو دوو چالاکە پیشەیییەدا، بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، وتاردان و پاڵپشتی لە مامۆستایانی بەندکراو بە نموونەکانی سزا نێو بردراون.

شایەنی باسە کە مەسعوود فەرهیختە و مەجید کەریمی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییە پیشەیییەکانیان چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و هەڕەشە و لێپرسینەوەیان لێکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە