سنە؛ فەردین مەولوودی، لە دەستبەسەرکراوانی پاش شەڕی ۱۲ ڕۆژە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ هەینی ۷ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
فەردین مەولوودی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کوردی خەڵکی شاری سنە و لە دەستبەسەرکراوانی ڕەوتی شەڕی دوازدە ڕۆژە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی هاووڵاتییان دوای شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستبەسەر کرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەردین مەولوودی، تەمەن ۳۶ ساڵ و خەڵکی شاری سنە لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مستەفا عەزیزی بە تۆمەتی «پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی» سزای ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو سزایە لەحاڵێکدا بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپێندراوە کە فەردین مەولوودی پێنج مانگی ڕابردووی لە بەندیخانەدا تێپەڕ کردووە و بەهۆی نەخۆشی توانایی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانی درێژماوەی نییە.
فەردین مەولوودی ڕۆژی شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۸ی ژۆئەنی ۲۰۲۵) لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە دوای شەڕی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە سنە دەستبەسەر کرابوو و ماوەیەک دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابۆوە.
شایەنی باسە کە فەردین مەولوودی پێشتر لانی کەم ۳ جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوو جار لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.