دیواندەڕە؛ فەرید بادیدەست سزای ٢٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤
فەرید بادیدەست، هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری دیواندەڕە، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە ٢٠ مانگ بەندکران سزا درا. ناوبراو کۆتایی بەهاری ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەرید بادیدەست خەڵکی دیواندەڕە لەم دوایانەدا لەلایەن لقی ١ دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” و “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەت” بە ٢٠ مانگ بەندکران سزادرا و سزایەکەی بە فەرمی پێ ڕاگەیەندراوە.
فەرید بادیدەست، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٢ی جوونی ٢٠٢٤)، لەئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی ناوبراو بەبێ هەبوونی هیچ بەرگەیەکی دادوەری بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابۆوە.
ناوبراو دوای چەند مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگاییەکەی ئازادکرا. جێگای باسە کە ناوبراو لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.