ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ۱۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی مەشهەد، کەرەج و ئەهواز لە یەک ڕۆژدا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۱۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۲ بەندکراو بریتی لە یەک بەندکراوی سیاسی گیلەک، پێنج بەندکراوی بەلووچ و یەک بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی وەکیل ئابادی مەشهەد، قزڵحیساری کەرەج و سپیداری ئەهواز جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۳۰ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، جیا لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی موحسین لەنگەرنشین، بەندکراوی سیاسی خەڵکی نۆشەهر، لانی کەم سێ بەندکراوی دیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە دراون.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە هاوکات سزای سێدارەی ئەسغەر وەتەن پەرەست هاووڵاتیی تورکی خەڵکی تەورێز کە ۷ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و حەمید فازلی، هاووڵاتیی خەڵکی تاران کە چوار ساڵ پێشتر و عیماد ئەحمەدی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۲۷ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران کە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو جێبەجێ کراوە.
هاوکات لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد سزای سێدارەی لانی کەم شەش بەندکراو بریتی لە ۴ بەندکراوی بەلووچ، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو جێبەجێ کراوە.
ناسنامەی چوار بەندکراوی بەلووچ بەناوەکانی عەبدولغەفار بەراهوویی تەمەن ۴۷ ساڵ، پەرویز دەستکالە تەمەن ۴۰ ساڵ، عەبدولسەمەد گۆرگیج و جاوید گولەبچە تەمەن ۳۴ ساڵ، هەر چوار کەس خەڵکی شاری زاهیدان ئاشکرا کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەبدولغەفار بەراهوویی و براکەی، پەرویز دەستکالە چوار ساڵ پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، عەبدولسەمەد دوو ساڵ پێشتر و جاوید گولەبچە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
دوو بەندکراوی دیکە کە ناسنامەی یەکیان بە مەهدی عەزیزی خەڵکی شاری مەشهەد ئاشکرا کراوە، بە هەمان تۆمەت لەسێدارە دراون. هەنگاو بۆ ناسنامەی شەشەمین بەندکراوی لەسێدارەدراو بەدواداچوون دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە دوو بەندکراو کە ناسنامەی یەکیان بە محەممەدنەبی زیرکاری، هاووڵاتیی بەلووچی تەمەن ۴۳ ساڵ و خەڵکی میرجاوە ئاشکرا کراوە لە بەندیخانەی سپیداری ئەهواز لەسێدارە دراون.
ئەو دوو بەندکراوە کە بۆ ناسنامەی دووەمین کەسیان بەدواداچوون دەکرێت، پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. محەممەد نەبی زیرکاری ۸ ساڵ پێشتر دەستبەسەر کرابوو.
تا ئێستا تەنیا هەواڵی لەسێدارەدرانی موحسین لەنگەرنشین لە میدیا حکومەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و هەواڵی لەسێدارەدرانی ۱۱ بەندکراوی دیکە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.