دەستبەسەرکرانی فەخرەدین مودەڕیسی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٠٢

هەنگاو؛ دووشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

فەخرەدین مودەڕیسی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی بەیانیی ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەخرەدین مودەڕیسی تەمەن ٣٨ ساڵ لە گوندی دێشەمس، و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مودەڕیسی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە دروستکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی فەخرەدین مودەڕیسی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بێ ئاکام ماونەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە