دەستبەسەرکرانی ۵ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ و نەغەدە
هەنگاو؛ دووشەممە ۲ی خەرمانانی ۲۷۲۶
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم پێنج هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی شنۆ و نەغەدە بە ناوەکانی سەعدوون داستاری، ڕەحمان ئازەرەخش، سەنعان فەراسەتی، سەلام (شاهین) ئازەری و مەولوود ڕوستا، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. یەکێک لە دەستبەسەرکراوان بە بارمتە ئازاد کراوە، بەڵام چوار کەسی دیکە تا ئێستاش لە دەستبەسەرکران و بێئاگاییدا دەژین.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۲ی خەرمانانی ۲۷۲۶ (۲۴ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی سەعدوون داستاری و مەولوود ڕوستا هەر دووکیان خەڵکی ئاوایی "حەسەننووران" و ڕەحمان ئازەرەخش تەمەن ۴۹ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "سۆفیان" دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و بە دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن هەوڵی دەستبەسەرکردنیانیان داوە و مەولوود ڕوستا پاش چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە ئازاد کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ۱ی خەرمانانی ۲۷۲۶ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شنۆ بە ناسنامەی سەنعان فەراسەتی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بە ناسنامەی سەلام ئازەری (شاهین) تەمەن ۴۳ ساڵ کە لە بەندکراوانی سیاسیی پێشووی کوردە، لە ئاکامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی بە پەنابردنەبەر توندوتیژی دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان و چارەنووسی چوار کەس لەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم پەیوەندییەدا بێئاکام ماوەتەوە.