مانگرتنی سپێدە قولیان بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دوورخستنەوەی خۆی و بەندکراوانی سیاسی دوورخراوەی دیکە

١٥ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٨:٤٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سپێدە قولیان، بەندکراوی سیاسی، کە ماوەی بەندکرانی سێ ساڵەی خۆی لە بەندیخانەی ئێڤین تێپەڕ دەکات، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دووورخستنەوەی سەعید مەدەنی، خۆی و هەموو بەندکراوانی دوور خراوی دیکە و هەروەها داواکاری لەسەر گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی شوێنی نیشتەجێ‌بوونەکەی، مانی لە خواردن بۆ ماوەیەکی نادیار گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سپێدە قولیان بەندکراوی سیاسی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دوورخستنەوەی خۆی، سەعید مەدەنی و بەندکراوانی سیاسی شاربەدەری دیکە، مانی لە خواردن گرتووە. سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی سپێدە قولیان گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی شوێنی نیشتەجێ‌بوونەکەیەتی.

بەپێی نامەیەک لە سپێدە قولیان کە لە مانگی سەرماوەزی ٢٧٢٣دا لە ماڵپەڕی هەنگاودا بڵاوکرابووەوە، سپێدە چەندین جار ئاماژەی بە بارودۆخی دوورخستنەوەی خۆی لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیدا کردووە.

ناوبراو لەو نامەیەدا کە هەر بە نێوەرۆکی دوورخستنەوەی خۆی لە بەندیخانەکانی ئێران بڵاوکرابووەوە، ئاماژەی بە بارودۆخی دژواری خۆی و بنەماڵەکەی کردبوو و وتبووی کە: "ساڵانێکە شاربەدەرم. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بەمەبەستی لەنێو بردنی ئەو سزایە هەموو کارێکم کردووە؛ نامەنووسین، دانووستان، مشتومڕ، پەناهێنان، مانگرتن. وتوومە گیان و نانی بنەماڵەکەم لە مەترسیدایە، بۆ هەموو حەفتەیەک تێپەڕکردنی هەزاران کیلۆمەتر مەودا کارەساتە. بەڵام هەموو جارێکیش بە درێژەدانیان بە ڕەوتی دوورخستنەوەم بۆم ئاشکرا بووە کە قسەی نوێنەری ڕێکخراوی بەندیخانەکان لە بەندیخانەی بووشێهر ڕاست بوو: تەنیا تەرمەکەت دەگەڕێتەوە خوزستان."

ئەو بەندکراوە سیاسییە، مانگی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٣، لەلایەن لقی ١٢٠٧ی دادگای تاوانەکانی کۆمەڵگەی دادوەری کەچۆیی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر شەمسەدین جەلیلی پیران بە تۆمەتی"لابردنی حیجاب و پێداگری لەسەر تاوان‌کردن لە دانیشتنەکانی دادگا" سزای یەک ساڵ و سێ مانگ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی بەندکرانەکەی بەسەردا سەپێندرا. ئەو دۆسیەیە بە سکاڵای ئامینە سادات زەبیحپوور، هەواڵنێری حکومەتی دژ بە سپێدە قولیان کرابووەوە.

شایەنی باسە کە سپێدە قولیان مانگی بانەمەڕی ئەو ساڵە، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە ڕێبەری ئێران" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزا دواتر لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای شۆڕشی تاران بەتەواوی پشتڕاست کرایەوە.

سپێدە قولیان، لە ڕێکەوتی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لە حاڵێکدا کە تازە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، جارێکی دیکە لە ڕێگای تاران بۆ زێدەکەی، دێزفوول، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە. ناوبراو پێشتر لە ماوەی ساڵانی ٢٧١٨ و ٢٧٢١، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە