سەقز؛ تەقینەوەی مین قوربانی لێکەوتەوە، لە ماوەی یەک مانگدا شەش هاووڵاتی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین بوونە قوربانی

٤ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٨:٥٦

هەنگاو؛ سێشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

هاوڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری سەقز بە ناوی کەیوان لە گوندی «هەرمێدۆڵ»ی ئەم شارە بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەم شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هاووڵاتییەک بە ناوی کەیوان (نازناوی نادیار) ناسراو بە کەیوان هەرمێدۆڵی تەمەن ٣١ ساڵ بەهۆی تەقینەوەی مین لە گوندی هەرمێدۆڵی نزیک لە شاری سەقز بریندار بوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئەم هاووڵاتییە بۆ نەخۆشخانەی شەفا لە شاری سەقز گواستراوەتەوە و نەشتەرگەری بۆ کراوە و بارودۆخی تەندروستی ئەم هاووڵاتییە باش ڕاگەیەنراوە.

کەیوان هەرمێدۆڵی خێزاندار و باوکی منداڵێکە و لەکاتی کۆکردنەوەی گژ و گیای بەهاری تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لایەنی کەم دوو هاووڵاتی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست داوە و ٤ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە