پاوه؛ برینداربوونی هاووڵاتییەک بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی مەڕەخێڵ
هەنگاو؛ سێشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٦
هاووڵاتییەک لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی سەنووریی «مەڕەخێڵ»ی سەر بە شاری پاوه، بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی مینی بەجێماو لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٦)، لە کاتێکدا کە کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان و چالاکانی ژینگەپارێز بۆ کوژاندنەوەی ئاگری کەوتووەتە لە لەوەرگە و دارستانەکانی ناوچەی مەڕەخێڵی پاوه ئامادە ببوون، تەقینەوەی مین بووە هۆی برینداربوونی هاووڵاتییەک. ناسنامەی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن هەنگاوەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێیت.
بەردەوامیی بوونی مینە چێنراوەکان و پاکنەکردنەوەی تەواو و ستانداردی ناوچە سەنوورییەکان لە پارێزگا سەنوورییەکاندا ساڵانە دەبێتە هۆی کوژران و کەمئەندامبوونی دەیان کەس لە هاووڵاتییان، چالاکانی ژینگەپارێز و کۆڵبەران. کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر کۆتایی شەڕی ٨ ساڵەدا، هێشتا بە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بە مەبەستی پاککردنەوەی تەواوی ئەم ناوچەیە و بەکارهێنانی کەلوپەلی پێشکەوتوو پێبەند نەبووە.