ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەر کران و ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتی کورد لە بەندیخانەی شاری شنۆ
هەنگاو؛ چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
دوو هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی ئاڕمان دەروێش هیندوو و ئەمین وەیلی کە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا بوون، تاکوو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگیراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەر کرانی ئەم دوو هاووڵاتییەی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی ئاڕمان دەروێش هیندوو و ئەمین وەیلی ئەم دوو هاووڵاتییە تاکوو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە و بەبێ هەبوونی مافی پارێزەر لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری شنۆ بەندکراون.
هەنگاو زانیویەتی کە، ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتر لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەک ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و دوای هاتنە دەرەوە لەم حیزبە زستانی ڕابردوو گڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
ئەم دوو هاووڵاتییە سەرەتا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و دوای یەک مانگ دەستبەسەر بوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری شنۆ گواستراونەوە.