شنۆ؛ دەستبەسەرکرانی محەممەد ڕەسووڵپوور بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی
هەنگاو؛ شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
محەممەد ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، محەممەد ڕەسووڵپوور، تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی شنۆ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
محەممەد ڕەسووڵپوور، پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەنساری" بە تۆمەتی "ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "چالاکیی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە سزای دوو ساڵ بەندکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ئاکامدا بۆ یەک ساڵ و شەش مانگ کەم کراوەتەوە.
شایانی باسە کە، محەممەد ڕەسووڵپوور بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٤ی جولای ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی "کۆنەقەڵا" بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو.
ناوبراو لە ئاکامدا دوای نزیکەی دوو حەفتە دەستبەسەرکران ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرابوو.