خاش؛ دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی بەلووچ بریتی لە منداڵێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٣ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٥٥

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ئەمیرحوسێن میربەلوچەزهی، منداڵێکی بەلووچ و هاووڵاتییەک دیکە بە ناوی ئێقبال ڕیگی تەنها، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری خاش دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەشەوی ڕۆژی شەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، ئێقبال ڕیگی تەنها، تەمەن ٢٣ ساڵ و ئەمیرحوسێن میربەلوچەزهی، تەمەن ١٧ ساڵ، هەر دووکیان خەڵکی شاری خاش سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە یەکێک لە شەقامەکانی خاش دەستبەسەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراون.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکاری دەستبەسەرکرانیان، تۆمەتەکانی وەپاڵدراو دژی ئەم دوو هاووڵاتییە و هەروەها، شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە