ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی لانی کەم حەوت هاووڵاتیی بەلووچ لە شاری تەفتان
هەنگاو؛ یەکشەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی ئەم دواییانەی هاووڵاتییانی بەلووچ لە شاری تەفتان، حەوت هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئیبراهیم دێهمەردە، خالید دێهمەردە، یەعقووب دێهمەردە، ڕەحیمە دێهمەردە، یونس دێهمەردە، گوڵ محەممەد قالیجانی و عارف قالیجانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیانکوتایە سەر گوندی گەوهەرکوە سەر بە شاری تەفتان و چوار ئەندامی یەک بنەماڵەیان بە ناوەکانی گوڵ محەممەد قالیجانی تەمەن ٤١ ساڵ، ڕەحیمە دێهمەردە تەمەن ٣١ ساڵ و هاوژینی گوڵ محەممەد، عارف قالیجانی تەمەن ١٨ ساڵ و کوڕی ئەو دوو کەسە لەگەڵ یونس دێهمەردە تەمەن ٢٩ ساڵ و برای ڕەحیمە دەستبەسەر کردووە.
هاوکات ئەو هێزانە و لە هەمان گوند، سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی دیکە بە ناوەکانی یەعقووب دێهمەردە و دوو منداڵەکەی بە ناوەکانی خالید دێهمەردە تەمەن ٢٠ ساڵ و ئیبراهیم دێهمەردە تەمەن ٢٢ ساڵ دەستبەسەر کرد.
هەنگاو زانیویەتی کە، دەستبەسەرکردنی ئەو حەوت هاووڵاتییە بە بەکارهێنانی توندوتیژی ئەنجام دراوە و هێزە ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسداران بە دروستکردنی کەشوهەوای ترس و دڵەڕاوکێ ماڵەکانیان پشکنین کردووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیاری ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران ئەو حەوت هاووڵاتییە و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک کەناڵی تێلێگرامی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران ڕایانگەیاندووە کە ئەو کەسانە بەهۆی ئەوەی کە لەو شوێنەی کە ١٠ کەس لە هێزەکانی پۆلیس لە گەوهەرکوە کوژراون ڤیدیۆیان تۆمار کردووە، دەستبەسەر کراون.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، نیوەڕۆی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، دوو ئۆتۆمبێل لە هێزەکانی پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەروازەی ناوچەی گەوهەرکوە شاری تەفتان هێرشیان کرایە سەریان و لانی کەم ٦ کادیر و ٤ سەربازی هێزەکانی پۆلیس کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون کوژران و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.