ئێرانشار؛ ئیلهام ئوستادی، چالاکی بەلووچ سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

٢ خەرمانان ٢٧٢٤، ١١:١٩

هەنگاو؛ هەینی ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ئیلهام ئوستادی، ژنە چالاکی بەلووچ کە هاوینی ساڵی ڕابردوو لە چابەهار بۆ ماوەی دوو حەفتە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ئیلهام ئوستادی، چالاکی بەلووچ تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئێرانشار لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی زاهیدان بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیلهام ئوستادی لە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری چابەهار و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ١٢ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دەستبەسەرکرانی ناوبراو دوای بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لە پەیوەندی لەگەڵ گێچەڵی سێکسیی سەرهەنگ ئیبراهیم کوچەکزایی، فەرماندەی ئینتزامیی چابەهار ڕوویدابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە