دەستبەسەرکرانی سێ منداڵی کورد و بەلووچ لە شارەکانی کامێران و قەسری قەند

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۹ی خەرمانانی ۲۷۲۵
ئەوراز زەمانی و بێهرووز ڕەشیدی، دوو منداڵی کوردی خەڵکی شاری کامێران و عەبدوڵڵا عەزیزی، منداڵی بەلووچی خەڵکی قەسری قەندی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۱۹ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۰ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، عەبدوڵڵا عەزیزی، تەمەن ۱۷ ساڵ و خەڵکی گوندی عەزیزئابادی سەر بە شاری قەسری قەند دەستبەسەر کرا. دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا عەزیزی لە بازاڕی قەسری قەند بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، بە بەکارھێنانی توندوتیژی و لێدانەوە ئەنجام دراوە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ۱۷ی خەرمانانی ۲۷۲۵، ئەوراز زەمانی و بێهرووز ڕەشیدی، دوو منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵی خەڵکی شاری کامێران لە ماڵەکانی خۆیان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو منداڵە دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراونەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ منداڵە و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.