ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی فەرامەرز بەراهوویی لاوی تەمەن ١٥ ساڵ و ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان بەمەبستی جێبەجێکرانی سزاکەی

٩ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٠:٢٢

هەنگاو؛ هەینی ٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤

فەرامەرز بەراهوویی (ئابیل)، لاوی بەلووچ خەڵکی زاهیدان و برای ئیسماعیل ئابیل، لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە لایەن دادگای تایبەتی منداڵانی خواراسانی ڕەزەوی سزای ٦ مانگ دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندراوە و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، فەرامەرز بەراهوویی تەمەن ١٥ ساڵ و ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکانی هەینی خوێناوی زاهیدان، دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ٦ مانگ سزاکەی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی خوڕاسانی ڕەزەوی گواسترایەوە.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی حاڵ وەش کە هەواڵی تایبەت بە بەلووچستان بڵاو دەکاتەوە، ئەم مێرمنداڵە کە ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکانە لەم دوایانەدا لە لایەن دادگای تایبەتی منداڵانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بە سزای ٦ مانگ بەندکران مەحکووم کراوە. زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی بەسەر ناوبراودا سەپێندراون لەبەر دەستدا نییە.

فەرامەرز بەراهوویی لە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ کە تەمەنی ١٤ ساڵ بوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری توربەت حەیدەریە دەستبەسەر کرابوو و دوای ٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆنی و بە شێوەیەکی کاتی تا هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

شایانی باسە کە، ئیسماعیل ئابیل (بەراهوویی) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لەگەڵ دەیان کەسی دیکە گیانی لەدەست دا کە بە هەینی خوێناوی زاهیدان ناسراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە