ئێرانشار؛ کوژرانی منداڵێکی بەلووچ و لەبارچوونی کۆرپەیەک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

هەنگاو؛ چوارشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
بەهۆی تەقەی هێزەکانی یەکەی تایبەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێرانشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، منداڵێکی بەلووچ بەناوی یووسف شەهلی بوڕ، تەمەن پێنج ساڵ گیانی لەدەست دا. هەروەها دایکی یووسف کە دووگیان بووە، لە دوای پێکرانی بە گوللەی ئەو هێزانە کۆرپەکەی لەبار چووە و بارودۆخی تەندروستیی جێی نیگەرانییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، یووسف شەهلی بوڕ، منداڵی تەمەن ٥ ساڵی خەڵکی ئێرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی یەکەی تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.
حاڵ وەش لەو بارەدا نووسیویەتی: "یووسف شەهلی بوڕ لە ئەنجامی پێکرانی بە پێنج گوللە، بەهۆی نەبوونی پزیشکی برینگەر چەند کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە چاوەڕوانی ماوەتەوە و لەئاکامدا دوای نەشتەرگەری گیانی لەدەست داوە."
هەروەها ڕۆژی ٧ی ڕەشەممە، مریەم شۆهلیبۆر، دایکی تەمەن ٣٢ ساڵی یووسف، بەهۆی پێکرانی بە گوللەی جەنگیی هێزە حکومەتییەکان دوای یەک ڕۆژ کۆرپەکەی لەدەست داوە.
ئەو دایکە بەهۆی قووڵیی برینەکانی و بارودۆخی تەندروستیی لە بەشی چاودێریی تایبەتیی نەخۆشخانەی ئێرانشار خەوێندراوە.
شۆفێری ئەندامانی ئەو بنەماڵە کە قوربانیی تەقەی بێ ڕێسای هێزە حکومەتییەکان کراون کە جلی مەدەنییان لەبەردا بووە، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە. ناسنامەی ناوبراو بە ڕامین شۆهلیبۆر، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ئێرانشار ڕاگەیێندراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، ناوەندە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر چەشنە ڕادەربڕین و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەک لەسەر ئەو ڕووداوە ڕێگرییان کردووە.