پیرانشار؛ سێ هاووڵاتیی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکانیان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواسترانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥
سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی شوانە خزرنژاد، ئەحەد خزرنژاد و ئومید خزرنژاد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکانیان، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (١٠ی نوامبری ٢٠٢٥)، شوانە خزرنژاد، ئەحەد خزرنژاد و ئومید خزرنژاد، هاووڵاتییانی خەڵکی گوندی «گردەبن» سەر بە شاری پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی مەحکوومیەتی سێ ساڵەکەیان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە.
ئەم هاووڵاتییانە پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» هەر کامیان سزای سێ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو.
شوانە خزرنژاد، ئەحەد خزرنژاد و ئومید خزرنژاد ڕۆژی چوار شەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ پاش زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەر بوون، هەر کام بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوون.
شوانە خزرنژاد و ئەحەد خزرنژاد ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ لە لایەن هێزەکانی ئەمنییەتی پیرانشار بە بەکار هێنانی توندووتیژی دەستبەسەر و پاش چوار مانگ و ١٥ ڕۆژ، هەر کام بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی تا کۆتایی قۆناغەکانی یاسایی ئازاد کرابوون.
ئومید خزر نژادیش لە ماوەی پێنج ڕۆژ پاش دەستبەسەر کرانی ئامۆزاکانی، شوانە و ئەحەد خزرنژاد، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بانگ کرا و دەستبەسەر کرا و بە بارمەتی دوو میلیارد تمەنی پاش چوار مانگ و ٢٠ رۆژ بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.