کرماشان؛ تاهیرە سولەیمانی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

١٩ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٦:٢٦

هەنگاو، شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

تاهیرە سولەیمانی، چالاکی ژینگەپارێزی کورد و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە کرماشان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی کرماشان گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، تاهیرە سولەیمانی، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی کرماشان، دوای بانگکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگا، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

تاهیرە سولەیمانی پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی ناردنی وێنە و ناوەڕۆکی تاوانکاری بۆ گرووپە نەیارەکان» سزای ٣ مانگ و ١٠ ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٠٢٢)، لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە کرماشان بەهۆی توندوتیژیی زۆری هێزە حکومەتییەکانەوە دەستی شکا. دواتر بۆ ماوەی نزیکەی ١٩ ڕۆژ دەستبەسەر کرا.

تاهیرە سولەیمانی لە ٢ی خەرمانانی ٢٧٢٥دا، جارێکی دیکە بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و مۆبایل و لاپتۆپە تایبەتییەکەشی دەستی بەسەردا گیرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە