پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند و مەحموود قەنبەری‌وەند بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان

١٩ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٨:١٠

هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤

عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند و مەحموود قەنبەری‌وەند، دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەتی خەڵکی پیرانشار و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەتی خەڵکی پیرانشار کە لەژێر چاودێریی پزیشکی و دەرمانیدان، بەناوەکانی عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند تەمەن ٥١ ساڵ و مەحموود قەنبەری‌وەند تەمەن ٤٨ ساڵ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەحموود قەنبەری‌وەند چەند ڕۆژ پێش گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە بەهۆی هەوکردنی سەختی لاقی کە لە بەشی مەچەکدا بڕدراوەتەوە لە نەخۆشخانەی ئیمامی پیرانشار خەوێندرابوو. هەروەها عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند نەخۆشیی زەختی خوێنی هەیە.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و هەر یەک سەرجەم سزای شەش ساڵ و حەوت مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت و یەک لەسەر سێی ئەو سزایە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵپەسێردراوە.

شایانی باسە کە، ئەو دوو هاووڵاتییە پێشتر بە سازکردنی کۆکتەل مۆلۆتۆف و چەک تۆمەتبار و دەستبەسەر کرابوون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە، سزاکەیان ڕەت کرایەوە بەڵام لە ئاکامدا بە تۆمەتگەلی دیکەی وەکوو کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای شەش ساڵ و حەوت بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرایەوە و ئێستا بەمەبەستی جێبەجێکرانی ئەو سزایە دەستبەسەر کراون.

بەپێی سزایەک کە لە ڕێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ بە شێوەی فەرمی بەو دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو، عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا قارەمانی ساعەتلوو بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە سازکردنی ٢٠ ماددەی ئاگرینی کۆکتەل مۆلۆتۆف" سزای ٦ مانگ و پێبژاردنی دوو ملیۆن ڕیال بۆ سندووقی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها مەحموود قەنبەری‌وەند لە لایەن هەمان دادگا و بە تۆمەتی "سەرپەرشتیی سازکردنی یەک قەبزە چەکی ساچمەیی" سزای ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "سەرپەرشتیی سازکردنی دوو قەبزە چەکی دەست‌سازی جەنگی" سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "سەرپەرشتی لە ڕاگرتنی سێ دەنک گوللەی جەنگی" سزای سێ ساڵ و شەش مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە سازکردنی ٢٠ ماددەی ئاگرینی دەست‌سازی کۆکتەل مۆلۆتۆف" سزای ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتە سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرا کە ئەو سزایەش بە یەک پلە داشکاندن بۆ ٤ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە و یەک لەسەر دووی ئەو سزایە هەڵپەسێردراو بوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ لە ئەنجامی هێرشی نزیکەی ٢٥ کەس لە هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەیان لە پیرانشار دەستبەسەر کران و سەرەتا بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە. ئەو هێزانە هاوکات لەگەڵ سازکردنی کەشی ترساندن بۆ ئەو بنەماڵە دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیەدا گرتبوو.

عەبدوڵڵا و مەحموود قەنبەری‌وەند لە کاتی لێپرسینەوەیان لە دەستبەسەرگەی ئورمیە، بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ بە سەختی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە درابوون و دواتر بە دانانی بارمتەی قورسی ١٥ ملیار تمەنی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە