جەماڵ عەلیزادە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

٧ خەرمانان ٢٧٢٣، ٢٠:٤٦


هەنگاو: سێشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣

جەماڵ عەلیزادە چالاکی مەدەنی ناسراوی و بەندکراوی سیاسی پێشوو خەڵکی پیرانشار دوای بانگکران و دەستبەسەرکران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە گواسترایەوە.، ناوبراو لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوو.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) جەماڵ عەلیزادە خەڵکی پیرانشار دوای بانگکران بۆ لقی بەرێچوونی سزاکانی دادگای ئەو شارە، دەستبەسەر و بۆ جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواسترایەوە.

جەماڵ عیلیزادە مانگی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر «ئۆجاقلوو» بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ میدیای دژبەر سزای ٣٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە حاڵێکدا کە کاتی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانی ئەم چالاکە ناوەڕاستی پاییز دیاریکراوە، بەڵام لەسەر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان پێش لە کاتی دیاری کراوە دەستبەسەر کراوە.

جەماڵ عەلیزادە ئێوارەی سێشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێز حکومەتییەکان دەستبەسەر و لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندان دوای ٤ مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

شایانی باسە، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە