جوانڕۆ؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی مامۆستا زانا حوسێنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

١٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١١:٢٨

هەنگاو؛ شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

مامۆستا زانا حوسێنی، چالاکی مەزهەبی کورد و خەڵکی جوانڕۆ و پێشنوێژی یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مامۆستا زانا حوسێنی، پێشنوێژی گوندی "تورکەپان"ی جوانڕۆ لە پێنج ڕۆژی ڕابردووە  دەستبەسەر کراوە و لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی لە جوانڕۆ، بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکان لە کرماشان گوازراوەتەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، دۆخی تەندروستیی مامۆستا زانا حوسێنی لە دوو ساڵی ڕابردوودا ناجێگیر بووە و توانای بەرگەگرتنی بارودۆخی دەستبەسەریی درێژخایەنی نییە.

مامۆستا زانا حوسێنی کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ (٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەستبەسەر کراوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی سەپێنراو و هەروەها چارەنووسی ئەم چالاکوانە ئایینییە لە بەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە