محەممەد ساڵحی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی بۆکان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥
محەممەد ساڵحی، مامۆستای ئایینیی سوننەی کورد، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی «کەلتەگە»ی سەر بە شاری بۆکان و بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا محەممەد ساڵحی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی کەلتەگەی سەر بە شارستانی بۆکان و بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام» (ئەنسارولسوننە) سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە دوای ٩ مانگ راگرتنی ناوبراو بە چارەنووسێکی نادیارەوە ، سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لە هەمان لقدا بەڕێوە چووبوو.
ئەم هاووڵاتییە ٢٨ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە لە گوندی کەلتەگە دەستبەسەر کرا و لە سەرەتادا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بۆ گرتووخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.
محەممەد ساڵحی لە ماوەی دوو مانگی دەستبەسەرییدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە، لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.