دەستبەسەرکردنی شێخ زاهید شەهابی لە کەسایەتییە ئایینییەکانی سەقز

٢٢ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٦:٠٣

هەنگاو؛ هەینی ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥


شێخ زاهید شەهابی، لە چالاکانی ئایینیی کورد و خەڵکی سەقز، لەلایەن دامەزراوە حکومەتییەکانەوە و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شێخ زاهید شەهابی، لە کەسایەتییە ئایینییەکانی شاری سەقزیان لە دەرەوەی ماڵ و شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

سەرچاوە نزیکەکان لەم چالاکە ئایینییە لە وتووێژ لەگەڵ هەنگاو پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دەستبەسەرکردنی ناوبراو بە توندوتیژیی زۆرەوە بووە و هێزەکانی سوپا دوای دەستبەسەرکردنی شێخ زاهید، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و تەواوی ژوورەکان و کەلوپەلی ماڵەکەیان پشکنیوە.

ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پشکنینی ماڵی بنەماڵەی شەهابی بە شێوەیەکی ئەوەندە توندوتیژانە بووە کە دوای چوونەدەرەوەی ئەم هێزانە، ئەندامانی بنەماڵەکە بەهۆی شێواویی زۆری ماڵەکە و هەروەها هەڕەشەی هێزەکانی سوپا، ماڵەکەیان چۆڵ کردووە.

دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ و بەدواداچوونی بنەماڵە و هاوڕێکانی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و هەروەها ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

شێخ زاهید شەهابی پێشتر لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی نەورۆز لە کوردستان دەستبەسەر کرابوو و دوای زیاتر لە دوو مانگ ڕاگرتن و لێپێچینەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرابوو. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە