بەردەوامیی دەستبەسەرکران و مانگرتنی سەلمان ئولفەتی، مامۆستای خانەنشینکراو لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای کرماشان

٨ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٥٢

هەنگاو؛ شەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە دەستبەسەرکرانی سەلمان ئولفەتی، لە چالاکانی مەدەنی و مامۆستایانی خانەنشیکراوی شاری گیەڵان، ناوبراو هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای کرماشان دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە. سەلمان ئولفەتی لە ڕۆژی چوارشەممەوە مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی سەلمان ئولفەتی، لە چالاکانی مەدەنیی ناسراو و مامۆستایانی خانەنشیکراوی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی شاری گیەڵان، ناوبراو تا ئێستاش لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سوپای کرماشان دەستبەسەرە و ئەو ناوەندە ئەمنییە ئازادکرانی ناوبراوی بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە لەسەر بنەمای چالاکی نەکردنی ناوبراو لەو شارەدا مەرجدار کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئولفەتی، ناوبراو لە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕ (٢٤ی ئەپریل)وە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی نایاسایی و ناڕوونی چارەنووسی خۆی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای کرماشان مانی لە خواردن گرتووە.

سەلمان ئولفەتی، تەمەن ٦٠ ساڵ و مامۆستای پێشووی وانەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی قۆناغی ناوەندیی قوتابخانەکانی گیەڵان، کاتژمێر ٨ی بەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٢ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئۆتۆمبێلی سەلمان ئولفەتییان لە یەکێک لە شەقامەکانی گیەڵان ڕاگرتووە و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە. هەروەها ئەو هێزانە دوای دەستبەسەرکرانی سەلمان ئولفەتی، بە چوونەژوورەوەی نایاسایی ماڵەکەیان بەتەواوی پشکنیوە و دواتر سویچ و ئۆتۆمبێلەکەیان ڕادەستی بنەماڵەی کردووەتەوە.

شایەنی باسە کە، سەلمان ئولفەتی، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٥ی مەی ٢٠٢٣)، دوای پشکنینی تەواوەتیی ماڵەکەی و دەستبەسەرداگرتنی هەندێک لە کەرەستە تایبەتییەکانی دەستبەسەر کرا.

ئەو مامۆستا خانەنشینکراوە، دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکرانی لە ناوەندە ئەمنییەکان بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترایەوە و لە ئاکامدا ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە