بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە؛ کامران قاسمی و کەیوان ڕەشۆزادە بەشێوەی مەرجدار ئازاد کران

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١١:٢٠

هەنگاو؛ چوارشەممە  ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمی، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئورمیە دوای تێپەڕکردنی ٥ ساڵ بەندکران بێ وەرگرتنی مافی مەرەخەسی بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، کامران قاسمی و کەیوان ڕەشۆزادە، دوو بەندکراوی سیاسیی هاودۆسیە دوای ٥ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.

شایانی باسە کە، کامران قاسمی، لە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ئەمساڵەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە بارودۆخی خۆی لە بەندیخانە، گوشاری فەرمانگەی ئیتلاعات و دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانە لەگەڵ وەرگرتنی مافی مەرەخەسی، مانی لە خواردن گرتبوو.

مانگرتنی کامران قاسمی بەهۆی ئەوەی لە ڕابردووشدا مانی لە خواردن گرتبوو و جەستەی لاواز ببوو کاریگەریی لەسەر بارودۆخی تەندروستیی بووە و دەستبەجێ دوای ئازادکرانی لە بەندیخانە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و لەژێر چاودێریی پزیشکی داندراوە.

هەروەها کەیوان ڕەشۆزادە، لە ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵەوە بۆ ماوەیەک مانی لە خواردن گرتبوو و هەر بەو هۆیەوە لە لایەن گاردی بەندیخانەوە بە سەختی لێیدرابوو و بۆ ماوەیەک بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە.

لێدانی کەیوان ڕەشۆزادە لە لایەن گاردی بەندیخانەوە لە ئاستێکدا بوو کە دایکی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە تەندروستیی منداڵەکەی داوای ڕاگەیشتن بە بارودۆخی ناوبراوی کردبوو.

هەروەها هەندێک پێشتر لەو ڕووداوە، کامران قاسمی، لە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی مانگی ڕەشەممەی ٢٧٢٣، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ڕێگریی بەرپرسانی بەندیخانە لە ڕەوتی وەرگرتنی داوای ئازادیی مەرجدار و مافی مەرەخەسی، بۆ ماوەی دوو حەفتە مانی لە خواردن گرتبوو.

کەیوان ڕەشۆزادە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانە لەگەڵ وەرگرتنی مافی مەرەخەسی بە دوورینەوەی لێوی خۆی مانی لە خواردن گرت.

کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمی لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)، لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئومێد سەعیدی، عەبدولعەزیز محەممەدپوور و نایب حاجیپوور لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئورمیە دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواسترانەوە.

دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو پێنج هاووڵاتییە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٠ لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بەڕێوە چوو و ئەو پێنج هاووڵاتییە بە تۆمەتی کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگای "ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران" هەر یەک سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایانە دواتر بە جێبەجێکرانی ماددەی ٤٤٢ی ئایینی دادگاییکردنی تاوانەکان، بۆ سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە