ئەرسەلان خودکام هاوکات لەگەڵ تێپەڕکردنی حەوتەمین ساڵی بەندکرانی، سزاکەی ڕاگیرا و لە بەندیخانە ئازاد کرا

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٤٣

هەنگاو؛ شەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی مەهاباد کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرابوو، بە ڕاگرتنی سزای بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا. ئازادبوونی ناوبراو دوای تێپەڕکردنی ٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٢ ڕۆژ بەندکران بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٥ی جولای ٢٠٢٤)، سزای بەندکرانی هەتاهەتایی ئەرسەلان خودکام (سوهرابی)، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٥٠ ساڵ، بە بڕیاری لە ناکاوی داواکاری نیزامیی تاران و بەبێ زانیاریی پێشوەخت ڕاگیراوە و ئەو بەندکراوە سیاسییە دوای ڕاگەیاندنی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (١٢ی مارسی ٢٠٢٤)، دوای پێنج ساڵ و ١٠ مانگ و ١٩ ڕۆژ بەندکرانی بەردەوام، بۆ ماوەیەکی کورت مافی مەرەخەسی پێدرابوو.

هەنگاو مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە، ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد بەهۆی نەخۆشیی ئاومرواری بۆ بێهداریی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا بەهۆی لێدانی دەرزییەکی نەناسراو، ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخی چاوی خراپتر دەبێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو کە ناوبراو پێویستیی خێرای بە نەشتەرگەری لەسەر چاوی لە نەخۆشخانەدا هەیە و کاربەدەستانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ پێدانی مافی مەرەخەسی بەو بەندکراوە، بارمتەی قورسی ٥ ملیار تمەنییان دیاری کردووە کە بنەماڵەی ئەو هاوولاتییە توانایی ماڵیی دابینکرنی ئەو بارمتەیان نییە.

ئەرسەلان خودکام مانگی گەلاوێژی ساڵی ٢٧١٨، لەلایەن لقی ٣٢ی دادگای سەربازیی ئورمیە بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر بەپشتبەستن بە ماددەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوون بە یەک پلە داشکاندن بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و ئەو سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ بەشێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە