ئورمیە؛ تۆفیق عەبدوڵڵاهی بەندکراوی ئایینی کورد بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کرا

١٤ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٤:٥٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

تۆفیق عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی مەهاباد دوای تێپەڕکردنی ماوەی نزیک ٨ ساڵ لە سزای بەندکرانەکەی، بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٦ی ژوئەنی ٢٠٢٤)، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی مەهاباد بە تێپەڕکردنی زیاتر لە نیوەی ماوەی سزای ١٥ ساڵ بەندکرانەکەی، بەشێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار داوای گواستنەوەی تۆفیق عەبدوڵڵاهی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهابادیان ڕەت کردووەتەوە.

شایەنی باسە کە، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، لەنێوان ماوەی بەندکرانەکەی، دوای ٥ ساڵ بەندکران، لە ئاکامدا ساڵی ٢٧٢١ بۆ ماوەیەکی کورت مافی مەرەخەسی پێدرابوو.

ئەو هاووڵاتییە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٦ (ئاگۆستی ٢٠١٦)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ٤ مانگ دەستبەسەرکران لە بەندی تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "چابۆک" بەتۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لەڕێگەی ئەندامبوون لە گرووپە ئیسلامییەکان" سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە