پیرانشار؛ ئیسماعیل تەجەلا، سینا دەشمیر و ئاکام خزرزادە بە گۆڕینی سزا ئازاد کران

هەنگاو؛ شەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
ئیسماعیل تەجەلا، سینا دەشمیر و ئاکام (عەبدولسەلام) خزرزادە، سێ بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی پیرانشار لە ناوەڕاستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکانیان، بە گۆڕینی سزای بەندکران بۆ دەنگی کراوە و پێبەندی ئەلەکترۆنیکی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٨ی مارسی ٢٠٢٥)، سینا دەشمیر، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "گەزگەسک"ی سەر بە پیرانشار بۆ گۆڕینی سزای بەندکرانەکەی بۆ پێبەندی ئەلەکترۆنیکی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا. ناوبراو یەک ساڵ و یەک مانگ و ١٧ ڕۆژی لە بەندیخانەی تێپەڕ کرد.
هاوکات هەر یەک لە ئیسماعیل تەجەلا و ئاکام خزرزادە، دوای گۆڕینی سزای بەندکرانەکەیان بۆ دەنگی کراوە لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کران. ئەم دوو بەندکراوە هەر یەک ١٠ مانگ و ١٣ ڕۆژ و ٨ مانگ و ٨ ڕۆژ لە ماوەی سزای بەندکرانەکەیان تێپەڕ کردووە.
ئیسماعیل تەجەلا تەمەن ٢٣ ساڵ، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گوڵانی ٢٧٢٤ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، دوای بانگکرانی بۆ ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکانی نەغەدە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.
سینا دەشمیر ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢١ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، دوای بانگکرانی بۆ ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکانی پیرانشار دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٣٠ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، ئاکام خزرزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "کانی بوداغ"ی سەر بە پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواسترایەوە.
ئیسماعیل تەجەلا، پێشتە بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە حیزبی دێموکرات" سزای ٣٢ مانگ بەندکران، "پێکهێنانی کۆبوونەوە و گرووپ لە دژی ئاسایشی حکوومەت" سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" سزای ٨ مانگ بەندکران و سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ١١ مانگی بەسەردا سەپێندرابوو کە دەبوو ٣ ساڵ و ٧ مانگی جێبەجێ بکرایە.
ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری پیرانشار دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کاتیی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ئازاد کرا.
سینا دەشمیر پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر ئوجاقلوو"، بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٤٠ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "درووشم نووسی و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، سزای ٣۵ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٤٠ مانگ بەندکرانی ناوبراو دەبوو جێبەجێ بکرایە.
شایانی باسە کە سینا دەشمیر لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان لە پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزا قارەمانیسەعتلوو"، بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایشی گشتی" سزای سێ مانگ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی و هەروەها سزای پێبژاردنی ۵٠ ملیۆن ڕیاڵی ئێرانی، بەسەردا سەپابوو.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک لە ٢۵ڕێبەندانی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی چوار ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
ئاکام خزرزادە، پێشتر لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر "مەجید ئەمیرمحەممەدی"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان لە ڕێگەی (هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک)"، سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
ئەم هەووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٢، دەستبەسەرو بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ئورمیە گواسترابوویەوە.
ناوبراو ڕۆژ شەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢، بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە گواسترابوویەوە و لە کۆتاییدا، یەکشەممە ٢٠ی خەرمانانی ئەو ساڵە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.