شنۆ؛ دەستبەسەرکرانی پێنج کەس لە بەڕێوەبەرانی لاپەڕەیەکی ئینستاگرامی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز

٣١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٥١

هەنگاو؛ دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لانی کەم پێنج کەس چالاکانی میدیایی و چالاک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان بە ناوەکانی هەژار مەحموودی، دڵشاد شاداب، باست قادرزادە، سەمیع مەحموودی ئەقدەم و زاهیر حاجیپوور لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. ئەم پێنج کەسە لە بەڕێوەبەرانی لاپەڕەی ئینستاگرامیی شنۆیەکەم بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٠ی مەی ٢٠٢٤)، پێنج کەس لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان و بەڕێوەبەرەکانی لاپەڕەی ئینستاگرامیی شنۆیەکەم بە ناوەکانی هەژار مەحموودی، دڵشاد شاداب، باست قادرزادە، سەمیع مەحموودی ئەقدەم و زاهیر حاجیپوور دوای بانگکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەژار مەحموودی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی پیرانشار بەڕێوەبەری سەرەکی لاپەڕەکە، دڵشاد شاداب تەمەن٣٢ ساڵ و وێنەگر و مۆنتێر، باست قادرزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ، زاهێر حاجیپوور تەمەن ٣٨ ساڵ و هەر دووکیان خوێنەری دەق، سەمیع مەحموودی ئەقدەم وانەبێژی زمانی کوردی و هەر چوار کەسیان خەڵکی پیرانشار دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەتەوە.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە ئەم پێنج هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی تایبەت نەورۆز بانگکراون و دەستبەر کراون. جێی ئاماژەیە چەند پۆستێکی ئەم لاپەڕە ئینستاگرامییە کە بە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت نەورۆز پەیوەندیدار بووە بە گوشار و هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعات سڕاوەتەوە.

کەسانی نزیک بەم چالاکانە بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە ئیدارەی ئیتلاعات هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانیان دەستی بەسەر مۆبایل و لەبتابەکانی ئەم کەسانە گرتووە و لاپەڕەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیئینستاگرامیی "شنۆیەکەم" لە چەند کاتژمێرێک پێش ناچالاک بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە