دەستبەسەرکردنی موسلیم زارعی، نووسەر و چالاکی کولتووریی خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥
موسلیم زارعی، نووسەر و چالاکی کولتووریی کورد و خەلکی کرماشان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (١٧ی مارسی ٢٠٢٦)، موسلیم زارعی، تەمەن ٤٥ ساڵ و چالاکی بواری زمانی کوردی، لە پێش شوێنی کارەکەی لە شاری کرماشان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە هێزە حکومەتییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم نووسەرە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکە، ژمارەیەک لە کەلوپەلی تاکەکەسی و کەرەستە دیجیتاڵییەکانیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
موسلیم زارعی یەکێک لە چالاکە ناسراوە کولتوورییەکانی کرماشانە کە لە بواری نووسین و وەرگێڕانی بەرهەمە کوردییەکاندا چالاکی دەکات. شایانی باسە کە مەهسا زارعی، چالاکی مافی ژنان و خوشکی ناوبراویش، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم چالاکە کولتوورییە و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم بارەیەوە بێئاکام ماوەتەوە.