ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ كەیوان مینوویی چالاكی مەدەنی و مامۆستای زمانی كوردی لە مەریوان دەستبەسەر كرا

هەنگاو؛ یەكشەممە ٣ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥
كەیوان مینوویی، چالاكی مەدەنی و مامۆستای خۆبەخشی زمانی كوردی و خەڵكی گوندی "نێ"ی سەر بە مەریوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو پێشتر بە هۆی چالاكییەكانیەوە دەستبەسەر كرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ٣ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٥)، كەیوان مینوویی، تەمەن ٣٢ ساڵ، لە چالاكانی مەدەنی و ژینگەیی و هەروەها مامۆستای زمانی كوردی خەڵكی گوندی "نێ"ی مەریوان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كرا.
بە وتەی سەرچاوەكانی هەنگاو، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستیان بەسەر مۆبایلی كەیوان مینووییدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
كەیوان مینوویی دەرچووی بەشی كۆمەڵناسی زانكۆی پەیام نووری مەریوان و هەروەها لە ئەندامانی چالاكی ڕێكخراوی فەرهەنگی "ڤەژین" و ڕێكخراویی ژینەپارێزی "سەوزی چیا" لە مەریوانە.
ناوبراو پێشتر ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١)، لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی دیكەی خەڵكی ئەم گوندە لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر كرابوون. ناوبراو لە كۆتاییدا دوای نزیك بە ٨٠ ڕۆژ دەستبەسەركران لە ڕێكەوتی ١٠ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی كاتی ئازاد كرابوو.
شایانی باسە كە، كەیوان مینوویی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە ڕێكخراوە خوێندكارییەكانی زانكۆی پەیام نوور و ڕێكخراوی "ڤەژین" وەكوو مامۆستای زمانی كوردی چالاكی كردووە.