دەستبەسەرکرانی حاجی بەرزە، مامۆستای زمانی کوردی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٣٠ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٢:١٧

هەنگاو؛ هەینی ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنی و مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی لە دامەزراوەی فێرکاریی زمانی کوردیی "بەیان" کە لەم دواییانەدا سزای پێنج مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، حاجی بەرزە، لە چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزی و مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی پیرانشار دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای پێنج مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.

حاجی بەرزە لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی "ئەمیر محەممەدی" بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ٥ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان" سزای پێبژاردنی بڕی پارەی ١٥ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، حاجی بەرزە، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی گوندی "چیانە"ی سەر بە شاری پیرانشار، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٨ی مەی ٢٠٢٤) لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترایەوە

ناوبراو لە ئاکامدا دوای سێ حەفتە دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردان بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن تمەنی، بەشێوەی کاتی و هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوو.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە